( بەبۆنەى رۆژی جیهانی زمانی دایک )

ll

گەلانی جیهان یادی زمانی دایک لە هەموو ساڵێک و لە رێکەوتی ٢١ شوبات زیندوو دەکەنەوە ، ئێمەش وەکو نەتەوەی کورد شانازی بەو یادەوە دەکەین و بە چاوێکی پڕ بایەخەوە ئەو بیرەوەرییە لە سەرانسەری کوردستانی گەورە بە چالاکی و پانێل و دیداری جۆراو جۆر ئەجام دەدەین. پێگەی زمانی کوردی لە ناو زمانەکانی جیهاندا دەچێتە سەر بنەماڵەی زمانەکانی هیند وئەوروپی، ڕۆژهەلاتی، ئێرانی نوێ، باکووری رۆژ ئاوایی. بۆیە ئێمەش وەکو هەموو نەتەوەکانی ئاری و هیندو ئەوروپی شانازی بەو خێزانە زمانە دەکەین کە ئێمە بەشێکی سەرەکین تیایدا، ئەوجا زمانی کوردی زۆر دەولەمەندە ، بە وشەو هاو واتەکانی ، چونکە لە چەند دیالێکتی سەرەکی پێک دێت:

1- دیالێکتی باکوور - ژووروو: کە بریتیە لە شێوەزاری هەکاری ، بایەزیدی ، شکاکی ، بادینی ، بۆتانی و ڕۆژئاوایی

2- دیالێکتی ناوەڕاست : کە بریتیە لە شێوەزاری سۆرانی ، سلێمانی ، گەرمیانی ، موکریانی ، ئەردەلانی

3- دیالێکتی باشوور – خواروو: لە بریتیە کە شێوەزاری بەختیاری ، کەلهوری ، لەکی و لوڕی

4- دیالێکتی گۆران : کە بریتیە لە شێوەزاری زازایی ، باجەڵانی ، گۆرانی رەسەن ، هەورامانی (تەخت و لهۆن)

هەروەها زمانی کوردی لە ئەدەبیکی سەر زاری زۆر فراوان بە هەموو جۆرەکانیەوە ، ئەدەبیکی کلاسیکی زۆر دەوڵەمەند کە پاڵپشت بوون بۆ زمانی دایک و مانەوەیان لە دێر زەمانەوە تاکو ئێستا.

جێگەی ئاماژە پێکردنە شەرەفخانی بەدلیسی کە لە سالی ١٥٤٣ ز لە دایک بووە ، یەکەمین کەسە لە کتێبە بە ناوبانگەکەیدا (شەرەفنامە) ، ئاماژە بە زمانی کوردی و زارەوەکانی دەکات و بە کۆلەگەیەکی گەورە لە بنەما سەرەکیەکانی پێکهێنانی نەتەوە لە قەلەم دەدرێت. لە سەرانسەر ی جیهاندا نزیکی شەش هەزار و حەوت سەد زمان هەنە کە زمانی کوردی لە پلەی ٥٩ یەمین دێت لە زمانە جیهانیەکان لە رووی بەکارهێنانی یەوە کە زیاتر لە ٤٠ ملیۆن کەس پێێ قسە دەکەن لە سەرانسەری جیهاندا. لەم رۆژەدا پێویستە لە هەر رۆژێکی تر زیاتر بایەخ بە زمانی کوردی بدرێت ، بە تایبەت لەلایەن دام و دەزگەکانی میری، هەروەها دەبێ خێزانە کوردەکان بە تایبەتی ئەوانەی لە هاندەران دەژین منداڵەکانیان بە زمانی کوردی شیرین پەروەردە بکەن و نابێت بە هیچ شێوەیەک پشت گوێ بخرێت و فەرامووش بکرێت لەسەر حسابی زمانەکانی تری جیهان. چونکە ئەمە مافی سەرەکی هەر مندالێکە کە پێویستە یەکەمین جار فێری زمانی دایک ببێت وە لە دەست دانی ئەو زمانە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەو کەسە دوور بکەوێتەوە لەهەموو کەلتوورو و فۆلکلۆر و داب و نەریتی نەتەوەکەی خۆی بەمەش لەنگییەکی گەورەیە رووبەرووی زۆر کەسان دەبێت. و هەبوونی هەر نەتەوەیەک بەندە بە مانەوەی زمانەکەی ئەو دیالێکتانەی کە پێیان قسە دەکەن.

دكتور عبدالله ياسين ئامێدى

مامۆستاى وانەبێژ / زانكۆى بەیان