زانکۆکەمان بەشداری دەکات لە وۆرکشۆپی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستان

زانکۆکەمان بەشداری دەکات لە وۆرکشۆپی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستان

بەسەرپەرشتی جەنابی بەڕێز د.ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە (٦/٥/٢٠٢٤)، وەزارەت وۆرکشۆپێکی سازکرد سەبارەت بە ستانداردەکانی بەخشینی متمانە لە خوێندنی باڵا لە کوردستان کە تیایدا سەرۆکی زانکۆکان و یاریدەدەرەکانیان و ڕاگری کۆلێژەکان و بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری لە زانکۆ حکومی و ئەهلییەکانی هەرێم، و کەسانی پسپۆڕ لە بواری باوەڕپێکردن و دڵنیایی جۆری لە هەرێم و دەرەوەی وڵات بەشداریان کرد.

لەسەر بانگێشتنامەی وەزارەت، بەڕێز سەرۆکی زانکۆمان پرۆفیسۆری یاردەدەر د.عزالدین احمد عزیز و بەڕێز یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ د. محمد احمد رمضان و سەرۆکی بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆمان خاتوون م.م.شیلان شاکر قادر بەشداربوون لە وۆرک شۆپەکە.

لە دانیشتنی دەستپێکی وۆرکشۆپەکەدا، د.محمد حسین کەلاری، بەرپرسی دەزگای چاودێری و دڵنیایی جۆری لە وەزارەت، وتارێکی بەخێرهاتنی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد پاشان د.هونەر عیسی، ئەمینداری گشتی باوەڕپێکراوی کۆمیسیۆنی پەروەردە لە کوردستان، Kurdistan Accrediting Association for Education ناسراو بە (KAAE) وتارێک لەسەر باوەڕپێکردن و پێویستی و جۆر و ڕێکار و ستانداردەکانی پێشکەشکرد.

دواتر بەشداربووان دابەشکران بەسەر هەشت گروپدا هەر گروپێک ژمارەیەک سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدەرەکانیان و ڕاگری کۆلێژەکان و بەڕێوەبەرانی دڵنیایی جۆری لە زانکۆ حکومی و ئەهلییەکانی هەرێم لەخۆگرتبوو، جگە لە پسپۆڕانی باوەڕپێکردن و دڵنیایی جۆری لە هەرێم و دەرەوەی وڵات.

هەر گروپێک ڕاسپێردرا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە وۆرکشۆپەکە سەبارەت بە دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا، کە بریتین لە: ئەرک و ئامانجەکان، حوکمڕانی و پێکهاتە، بەرنامە ئەکادیمییەکان، قوتابیان، ستافی مامۆستایان، فێرکردن و فێربوون، سەرچاوە مرۆییەکان، داراییەکان، زانیاریەکان، ماددی و تەکنیکییەکان، هەڵسەنگاندنی دەرئەنجامە پەروەردەییەکان، شەفافیەت و یەکپارچەیی، ناساندنی دامەزراوەکە بە ڕای گشتی.

دوای گفتوگۆیەکی بەرفراوان لە نێوان ئەندامانی هەر گروپێکدا، نوێنەری هەر گروپێک پێشنیاری ئەندامانی گروپی خستەڕوو بۆ پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی متمانە لە بواری خوێندنی باڵا لە هەرێم دوای ئەوە گفتوگۆیەکی جددی و ڕاشکاوانە لە نێوان ئامادەبووان ئەنجامدرا. کە دەبێتە هۆی پێشکەشکردنی پێشنیاری نووسراو بۆ ڕێکخەرانی وۆرک شۆپەکە بۆ جێبەجێکردن لە داهاتوودا.