وتاری دەستپێکی ساڵی تازەی ٢٠٢٢-٢٠٢٣

بەناوی خودای گەورەو میهرەبان مامۆستایانی دڵسۆز... قوتابیانی خۆشەویست... بەبۆنەی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن لە ساڵی خوێندنی ئەکادیمی ٢٠٢٢-٢٠٢٣ لە زانکۆکەمان، زانکۆی بەیان، بەناوی خۆم و ئەنجومەنی زانکۆو دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی بەیان، پیرۆزبایەکی گەرمتان لێدەکەین، بە هیوای ئەوەی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢-٢٠٢٣ ساڵێکی پڕ بەرهەمی زانستی و چالاکی هەمەجۆری رۆشنبیری و ئەکادیمی بێت بۆ زانکۆکەمان. مامۆستایانی ماندوونەناس... ئەمڕۆ لە کاتێکدا زانکۆمان بە ستافێکی ئەکادیمی و کارگێڕی نوێوە، بە گڕوتین و جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە، دەست بە پڕۆسەی خوێندن دەکات، عێراق و هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی هەستیاری سیاسی و ئابووری تێپەڕ دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا وەزارەتی خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لێبڕاوانە هەموو هەواڵەکانی خستۆتەگەڕ بۆ پەرەپێدانی زانکۆکان، لە ژێر رۆشنایی ئەو پەیامەی وەزارەتیش، زانکۆمان توانا لۆجستییەکانی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ گەشەپێدانی ژێرخانی زانکۆ تا لە رێگەی توانا زانستییەکانی مامۆستایانمان بتوانین بەشداربین لە پێشخستنی کەرتی خوێندنی باڵا، بۆ ئەم مەبەستە رۆڵی مامۆستایانمان بەرزدەنرخێنین کە هەردەم بە تازەترین زانستی سەردەمیانەی بارگاوی بە تەکنەلۆژیای هاوچەرخ خۆیان پێدەگەیەنن تا بتوانن بە نوێترین رێگەی وانەبێژی لە پسپۆڕی جیاواز بابەتە زانستییەکان بە کوالێتی بەرز بگەیەنن بە قوتابیان. قوتابیانی لە دڵاشیرین... واجارێکی دیکە دەرگای زانکۆی بەیان، زانکۆ پڕ لە مەعریفەکەی خۆتان، زانکۆ دڵخوازو هەڵبژێردراوەکەی خۆتان، لە سەرەتای ساڵێکی دیکە خوێندن بە رووی یەکە یەکەی ئێوەی ئازیز دەکرێتەوە، ئومێدەوارین ئێوەش وەک چۆن لە ساڵانی دیکە بە جۆش و خرۆش و روویەکی گەشەوە لە هۆڵەکان خوێندن ئامادە دەبن و بە دەستە دەستە پیرۆزبایی ساڵی نوێیتان لە یەکتری دەکرد، ئاوهاش ئەو ساڵ لە قۆناغێکی دیکەی خوێندنتان بۆ وەگرتنی زانستی تازە ببنە سەرمەشق، چونکە زانکۆ بە قوتابیانی کچی و کوڕی گەنج زانکۆیەو ئێوە سەنتەری فێرکردن و داهێنان و چالاکییە هەمەچەشنەکانن، ئەوەش وا دەکات داهاتوو بۆ ئێوەی گەنجان و لاوان بێت و هەر ئێوەش خۆتان داهاتووی خۆتان دروست دەکەن، دڵنیاشین ئایندەیەکی گەش لە بەردەمتاندایە، بە هیوای ساڵێکی پڕ لە چالاکی زانستی و هونەری و رۆشنبیری بێت، ئومێد دەکەین لە کۆتایی ساڵیشدا سەرکەوتنی کوڕان و کچانی خۆمان بە چاوی خۆمان ببینین و بچنە قۆناغێکی سەرتر. بەڕێزان..... ئەو بۆنەیە بە دەرفەت دەزانین، موژدە بە مامۆستایانی دڵسۆزو قوتابیانی خۆشەویستی زانکۆمان بدەین، کە ئەمساڵ بۆردێکی بەڕێوەبردنی تازە لە کۆمپانیایەکی زەبەلاحی شاری هەولێر، بۆتە هاوبەشی وەبەرهێنەرانی زانکۆکەمان، بە ئامانجی ئەوەی زانکۆمان لەڕووی ژێرخان و سەرخانەوە بەرفراوان بکرێت و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا کەمپەسی زانکۆی بەیان بە شێوەیەکی مۆدێرن دروست بکرێت، ئەوەش وا دەکات زانکۆمان ببێتە زانکۆیەکی ئاست بەرزتر، نەک لە ریزبەندی زانکۆ تایبەتەکانی کوردستان، بەڵکو کێبڕکێی زانکۆ حکومییە ئاست بەرزەکانی ناوچەکەش بکات. جێگەی خۆشحاڵیشە کە ئەمساڵ لە پێناو دەرفەتدان بە دەرچووانی ئامادەییەکان و خوازیاران، شەش بەشی زانستی لە زانکۆکەمان کارابۆتەوە ئەوانیش بەشەکانی(یاسا، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ودبلۆماسیەت، کارگێڕی کار، زمانی ئینگلیزی، ژمێریاری)، هەروەها بۆ ئەوەی کورسی زیاتر بۆ دەرچووانی ئامادەیی تەرخان بکەین چیتر بێبەش نەبن لەو مافە سروشتییەی هەیانە بۆ بە دەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە پسپۆڕی جیاواز لە بەرامبەریشدا بۆشایی بازاڕی کار پڕ بکەینەوە زانکۆمان هەوڵدەدات ئەمساڵ قوتابی لە بەشەکانی (دارایی و بانک، ئەندازیاری بیناسازی، ئەندازیاری شارستانی) وەربگرێت، هاوشانی ئەوانەش بۆ هەمان مەبەست بە نیازین بەشەکانی( شیکاری نەخۆشییەکان، مایکرۆبایەلۆجی پزیشکی) بکەینەوە کە هەنگاوە یاسایی و کارگێڕییەکان لە قۆناغی کۆتاییدایە تا رەزامەندی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی وەربگرین، بەمەش دەرفەتی خوێندن بۆ دەرچووانی ئامادییەکان زیاتر دەڕەخسێت. پ.د. احمد انور دزەیی سەرۆکی زانکۆی بەیان ١٤/٩/٢٠٢٢